هەسەدە کوژرانی چوار سەربازی تورکیا رادەگەیەنێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی چوار سەربازی تورکیا و سێ ئەندامی گروپەكانی سەر بە تورکیا و بریندارکردنی ژمارەیەكی دیکەی لە گوندەواری شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە ڕاگەیاند، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکانی تورکیا دێت بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
دوێنێ سێشەممەش، هێزەکانی (هەسەدە) کوژرانی چوار سەربازی تورکیا و برینداربوونی پێنج سەربازی دیکەی لە گوندەواری شارۆچکەی زەرکان لە باکووری حەسەکە ڕاگەیاند.
بەپێی بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، کۆی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای كوردستان کراونەتە ئامانج، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردووەوە تا ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، گەیشتووەتە 224 شوێن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی سوریای دیموكرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە بنکەکانی تورکیایان لە گوندەکانی کانیهار و عەربین لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر لە باکوری گوندەواری حەسەکە کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو: ژمارەی کوژراوان لە ریزی سوپای تورکیا لە کاتی ئەنجامدانی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپەرچدانەوەی لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ٢٢ کوژراو و دەیان بریندار بەرزبووەتەوە.