هاوکات لەگەڵ هێرشەكانی تورکیا، داعش سێ كردەی تیرۆریستی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجام دەدات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ چەكدارانی داعش ، سێ كردەی تیرۆریستییان لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری دێرەزوور و حەسەکە، ئەنجامداوە، ئەم كردەوانەی داعش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا.

لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان زنجیرەیەک هێرشی هێزه‌كانی تورکیای به‌خۆوه‌بینی، کە ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی کردە ئامانج، هەروەها بۆردومانێكی دیكه‌ی تورکیا بووە هۆی شەهیدبوونی 29 ئەندامی هێزەکانی دژ بە ماددە هۆشبەرەكان لەكاتی بە ئامانجگرتنی ئەکادیمیایەکی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرک .

سەبارەت بە پەلامارەكانی داعش پێگەی ئەلیکترۆنی ئەعماق کە نزیکە لە ڕێکخراوی داعش، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە، چەكدارێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیان لە نزیک ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی ئەبو خەشاب لە ڕۆژئاوای دێرەزوور رفاندووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەدا هاتووە، دوای لێپرسینەوە رفێندراوەكەیان کوشتووە.

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، پێگەی ئەعماق ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی داعش بارەگایەکی هێزەکانی سوریای دیموكراتیان لە شارۆچکەی ئەبو حەردوب لە ناحیەی زیبان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بووە.

هەروەها داعش ڕایگەیاندووە، لە گوندەواری حەسەكە چەکدارەکانیان ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هەسەدەیان لە گوندی زەیانات لە باشووری شەدادی کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بووە.

تا ئامادەكردنی ئەم هەوالەش هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو هێرشانەی داعش بڵاونەكردۆتەوە.

 ئامادەکردنی: ماهر مستەفا / داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان