دانیشتووانی قامشلۆ لە بەردەم بنکەی رووسیا لە شارەکەیان دژ بە هێرشەکانی تورکیا خۆپیشاندنیان کرد

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، لە بەردەم بنکەی رووسیا لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی و هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر ناوچەکانیان سەرکۆنە کرد.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 172 شوێن لە ناوچە و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە بەر بۆردومانی توندوتیژی تورکیاوە بە فڕۆکە و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە زۆرینەیان کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە گرنگەکان و بیرە نەوت و گازییەکان هەبووە.

بەگوێرەی ئەوەی خۆپیشاندەران بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان گوتووە، دانیشتووان داوایان لە وڵاتانی گەرەنتیکار کردووە “بەخێرایی دەستوەردان بکەن” بۆ وەستاندنی بۆردومانەکەی تورکیا و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل و دامەزراوە گرنگەکان.

شاندێکی لە خۆپیشاندەران یاداشتێکی ناڕەزایەتییان رادەستی هێزەکانی رووسیا کرد، کە تیایدا داواکارییەکانیان بۆ راگرتنی هێرشەکان دەربڕیبوو.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: روبین عومەر