برینداربوونی 5 ژن بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە بۆ سەر گوندێکی باکووری حەسەکە
دەرباسییە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، پێنج ژن کە لە بواری دروێنەکردنی پەتاتەدا کاریاندەکرد، بەهۆی بۆردومانێکی هێزەکانی تورکیاوە کە گوندێکی گوندەواری شارۆچکەی دەرباسییەیان لە باکوری حەسەکە کردە ئامانج، برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 172 شوێن لە ناوچە و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە بەر بۆردومانی توندوتیژی تورکیاوە بە فڕۆکە و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە زۆرینەیان کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە گرنگەکان و بیرە نەوت و گازییەکان هەبووە.
فاتیمە یونس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “شەهید خەبات” لە شارۆچکەی دەرباسییە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پێنج ژنی کرێکار کە کاریان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی پەتاتە دەکرد، بەهۆی تۆپبارانێکی تۆپخانەیەکی تورکیاوە، کە لە نزیک شوێنی کارەکەیان لە گوندی ئەلبەشیرییە کەوتە خوارەوە، بریندار بوون”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەشڵێت، “چوار لە کرێکارە بریندارەکان بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ حەسەکە، کرێکارێکیش بەهۆی شکانی پێیەوە لە نەخۆشخانەی دەرباسیە ماوەتەوە”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا تۆپخانەکانی تورکیا ماڵێکیان لە گوندی سەنجاک لە گوندەواری رۆژئاوای شارۆچکەکە بۆردومان کرد، ئیسماعیل رەشید خاوەنی خانووەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گوللـە تۆپێک لە تەنیشت ماڵەکەی کەوتووتە خوارەوە و زیانی ماددی بەر ماڵەکەی کەوتووە.