تورکیا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی گوندەواری باکووری حەڵەب

گوندەواری باکووری – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا چەند گوندێکی گوندەواری باکووری حەڵەبیان بۆردوومان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هێرشە سەربازییە توندانەی کە ئەنقەرە لە پێنجشەممەی رابردووەوە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.

بەر لە دوو رۆژ، لە بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سەر شارۆچکەکانی ئەلنەبل و ئەلزەهرا لە گوندەواری باکووری حەڵەب، زیاتر لە 30 کەس برینداربوون.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، تۆپخانەکانی تورکیا, لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا خاڵێکی هێزەکانی حکومەتی سوریایان کردە ئامانج لە گوندی سوغانکە لە قەزای شێراوە، هەروەها دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەت و گوندەکانی عەین دەقنە و سموقتەشیان تۆپباران کردووە.

شەوی یەکشەممە /دووشەممە، بۆردومانێکی تۆپخانەکانی تورکیا دوو خاڵی هێزەکانی حکومەتی لە گوندەکانی کەردمیە و عەین دیوار لە گوندەواری شاری دێریک لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانە مرۆیی و ماڵییەکانی بۆردومانەکەوە نەزانراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد