فەرمانگەی وزەی بەرێوبەری خۆسەری: تەواوی وێستگەكانی كارەبای سوەیدییە لە كاركەوتوون

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی فەرمانگەی وزە لە رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی غازی سوەیدییە لەلایەن تورکیاوە لە گوندەواری دێریک ، بووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی خزمەتگوزاری كارەبار لە سەرجەم وێستگەکان لە هەرێمی جەزیرە، چونكە وێستگەی سوەیدیە تاكە سەرچاوەی كارەبای ناوچەكەبوو.

هەینی ڕابردوو، دامەزراوەی غاز و کارەبای سوەیدییە لەئەنجامی زنجیرەیەک هێرش و بۆردومانی تورکیا، بەتەواوەتی لەکارکەوت، ئەو تۆرباینانەی کارەبایان بۆ شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، تربەسپی و عامودێ دابین دەكرد، دووجار کرانە ئامانج.

زیاد ڕۆستەم، هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە لە بەڕیوبەری خۆسەر، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند: وێستگەکانی بەنداوی ڕۆژئاوا لە حەسەکە داخران، دواتر وێستگەکانی قامیشلی، عامودە، و پاشان تربەسپی،  ئاماژەی بەوەشکردووە، بەئامانجگرتن کاریگەری لەسەر تەواوی کەرتی خزمەتگوزاری هەبووە، لەوانە کارەبا، ئاوی خواردنەوە و هەندێک دامەزراوەی تەندروستی، بەهۆی نەبوونی کارەبا لە ناوچەکەدا.

ئەو بەرپرسە لە فەرمانگەی وزە دەشڵێت، تێچووی خەمڵێندراو بۆ ئەو زیانانەی بەر تۆرباینی کۆمپانیای نەوتی ڕمێلان کەوتووە كە توانای بەرهەمهێنانی 23 مێگاوات كارەبای هەیە، زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلارە. دەشڵێت ئەمە ژمارەی سەرەتاییە و بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی دابینکردن، دانان و پێویستییەكانی تر، بە دڵنیاییەوە ژمارەکە دوو هێندە زیاد دەبێت.

دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕبەڕێوەبەری خۆسەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشەكانی تورکیا زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە خزمەتگوزارییەكانی وەک ئاو و کارەبا بێ بەشكردووە.

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی وزە ڕاشیگەیاندووە، کەرتی وزە بە شێوەیەکی سەرەکی بەدەست کەمی کەرەستەی سەرەتایی بۆ کارپێکردنی دامەزراوەکان دەناڵێنێت، بەو پێیەی دامەزراوەكان زۆر کۆنن، هەروەها کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانیش گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای سوریا هەیە، بۆیە رازی نابن ئەم ئامێرانە بۆ سوودی بەڕێوەبرەی خۆسەری بەكاربهێندرێت.

ئامەدەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: روبین عومەر