ئاوارەکانی سه‌رێ كانیێ داوا لە وڵاتانی “گەرەنتیدەر” ده‌كه‌ن، توركیا پێشێلکارییەکانی له‌ رۆژئاوای كوردستان ڕابگرێت

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، لە بەیاننامەیەکدا، ئاواره‌كانی کەمپی سه‌رێ كانیێ لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە داوایان لە وڵاتانی گەرەنتیدەر (ئەمریکا و ڕووسیا) کرد پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ڕابگرن.

لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، هێزەکانی تورکیا ژێرخانی ئابووری و  دامه‌زراوه‌ خزمەتگوزارییە گشتیەکان  لە رۆژئاوای كوردستان كردۆته‌ ئامانج، به‌بیانووی ئه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره له‌ سوریاوه چۆته‌ ناو خاكی توركیا.‌

بەگوێرەی ئاماری بەشی چاودێری و به‌به‌ڵگه‌كردنی ئاژانسی نۆرس پرێس، ژمارەی بۆردومانه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان 131 شوێن بوو، 21 ژێرخانی ئابووری، ٧٦ شوێنی نیشتەجێبوون 23 خاڵی سه‌ربازی كه‌ 13یان خالی سوپای حكومه‌تی سوریا بوون، هه‌روه‌ها 6 شوێنی كشتوكاڵییان بۆردومانكرد له‌گه‌ل 3 كارگه‌ و 1 قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك.

لە به‌یاننامه‌كه‌دا ئیدانه‌ی هێرشەی “دوژمنکارانە” توركیایان كرد بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشەممەی به‌رده‌وامه‌، و کاریگەری لەسەر دامه‌زراوه‌ خزمەتگوزارییە گشتیەکان دروستكردووه‌.

جەختیان له‌وه‌ش كرده‌وه‌ کە ناسەقامگیری ناوچەکە دەبێتە هۆی دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش.

هەروەها ئاواره‌كانی سه‌رێ كانێ داوایان له‌ ئەمریکا و ڕووسیا وه‌ك دوو وڵاتی گەرەنتیدەر له‌ رۆژئاوای كوردستان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕێگە نەدەن تورکیا هێرش بكات و ڕێز لە وڵاتانی دراوسێ بگرێت.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنه‌وه‌ی: ڕۆبن عومەر