بۆردومانەكانی تورکیا كارگەیەك لە كۆبانێ دەكاتە ئامانج

کۆبانێ – نۆرس پرێس

شەوی هەینی لەسەر شەممە، لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشەكانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، کارگەیەکی بۆیاخ لە دەوروبەری شاری کۆبانێ کرایە ئامانج .

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی شارەکە، بە ئامانجگرتنەکە لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانەوە بووە، بە لەبەرچاوگرتنی دەنگی فڕۆکە و بەرزی دەنگی بۆردومانەکە.

بە پێی سەرچاوە پزیشکییه‌كان، تا ئێستا ئاماری قوربانییه‌كان نەزاندراوە.

بە وتەی شایەتحاڵەكان، ئاگر لە کارگەی بۆیاخەکە کەوتووەتەوە، هاوکات تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ دامركاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە.

لەلایەكی دیكەوە لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ، چەند شوێنێك لە گوندەکانی قەرە موغ و جیشان کەوتنە بەر تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیا، تا ئێستاش هیچ زانیارییەك لەسەر زیانی گیانی بۆردومانه‌كه‌ نەزاندراوە.

هەروەها خاڵێکی سوپای حكومه‌تی سوریا لە گوندی تەل شەعیری گونده‌واری ڕۆژئاوای کۆبانێ تۆپباران کراوە.

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە نزیک شارۆچکەی جەلەبیەی باشووری کۆبانی دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: زانا ئه‌لعالی