سەرکردەیەکی داعشی سزای هەتاهەتایی دەدرێت لە ئەمریکا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

شانەی بیتڵزی داعش لە چوار ئەندام پێکهاتبوو کە لە نێوان ساڵی 2012 و 2015 لە سووریا شەڕیان دەکرد و تۆمەتبارن بە رفاندن و کوشتنی لانیکەم 27 رۆژنامەڤان و کارمەندی مرۆیی کە خەڵکی ئەمریکا، ئەوروپا، نیوزیلاند، رووسیا و ژاپۆن بوون. ئەمڕۆ سزای زیندانی تاهەتایی بۆ ئەندامێکی شانەکە بە ناوی “شافی شێخ” دەرکرا.

شافی شێخ پێش ئەوەی وڵاتینامەکەی لێوەربگیرێتەوە، هاووڵاتییەكی بەریتانی بوو، ساڵی 2018 شافی شێخی تەمەن 34 ساڵ لەگەڵ چەکدارێکی دیکە بە ناوی ئەلێکساندەر کۆتی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکرابوو و رادەستی ئەمریکا کران.

لە ساڵی 2020 هەردووکیان بۆ دادگاییکردن گوێزرانەوە ئەمریکا. نیسانی ئەمساڵ شافی شێخ دانی بە هەموو ئەو تۆمەتانەدا نا کە ئاراستەی کرابوون. هەر لەو مانگەدا، سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ ئەلێکساندەر کۆتی دەرکرا.

هەفتەی رابروو، چەکدارێکی دیکەی شانەی بیتڵز، دوای بەسەر بردنی حەوت ساڵ لە زیندانێکی تورکیا، دیپۆرتکرایەوە بۆ بەریتانیا و دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانە، دەستگیرکرا و ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی “تیرۆر” دەبێتەوە.

ئەندامەکەی دیکەی “بیتڵز” بە ناوی محەممەد ئاموازی بوو بە نازناوی “جیهادی جۆن” دەناسرایەوە، لە ساڵی 2015 لە سووریا لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکادا کوژرا.