“هەسەدە” پەرەسەندنی سەربازی تورکیا بە “ترسنۆکانە” ناودەبات و ئاماری زیانەکان ئاشکرا دەکات

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئاماری زیانی هێرشەکانیان بڵاوکردەوە، بە ” ترسنۆکانە ” ناویان برد، بەو پێیەی “دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئابووری و نەوت و ئاو و کارەبایان” کردە ئامانج.

لە بەیانی دوێنێ پێنجشەممەوە فڕۆکەکانی تورکیا هێرشی توندیان کردووەتە سەر ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان کە چەندین وێستگەی غاز و نەوت و کارەبا و ئاویان بە ئامانج گرت.

لە بەیاننامەیەکدا هێزەکانی هەسەدە رایانگەیاند، “دوێنێ پێنجشەممە، تورکیا دەستیکرد بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەکانی و تەقینەوەکەی ئەنقەرەی کردۆتە بیانوو، سەرەڕای نەبوونی هیچ بەڵگەیەک کە ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە ناوچەکانی ئێمەدا ڕۆیشتبێت.

ڕوونیشیکردەوە، هێرشەکە زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئابووری و وێستگەکانی وزەی (نەوت و کارەبا) و ئاوی کردۆتە، لەگەل چەند خاڵی سەربازی و دامەزراوەی مەدەنی و چەند گوندێک.

“هەسەدە” راشیگەیاند،لە هێرشەکەیدا تورکیا زیاتر لە 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێنا، و ناوچەکانی (باشووری گوندەواری عەفرین و ناوچەی شەهبا، منبج، کۆبانی، عەین عیسا، تەل تەمر، زەرکان ، حەسەکە و قامشلۆ و عامودێ و تربە سپی و چل ئاغا و دێریک)یان کردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم هێرشانەدا 15 کەس شەهید بوون، کە 8 مەدەنی و 6 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و ئەندامێکی هێزەکانی هەسەدە بوون، هەروەها چەندین کەسیتر برینداربوون.

ڕوونیشیکردەوە، دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستە خوارەوە، چونکە لە یەکێک لە بنکەکانیان نزیک بۆوە.

لە بەیاننامەکەدا داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا کردهەڵوێستی ڕوونیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانە کە هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەکەنە ئامانج.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان تێک بدات، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دوێنێ ئەنجامیان داوە “لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان دێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازجی