
بۆردوومانکردنی 52 پێگە لە لایەن درۆنەکانی تورکیاوە.. رۆژئاڤا رۆژێکی خوێناویی بەرێکرد
قامشلۆ – نۆرس پرێس
لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممەوە، درۆنەکانی تورکیا دەیان پیگەیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج، لە رۆژێکی خوێناویدا کە نزیکەی 20 قوربانی لێکەوتەوە و زیانی بە کەرتەکانی وزە و کارەبا و ئاو و دامەزراوە نەوتییەکان گەیاند.
پێرێ چوارشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنجامدەرانی بۆردومانەکەی ئەنقەرەی بە رۆژئاوای کوردستانەوە گرێدا و هەڕەشەی کردە سەر دامەزراوە ژیانییەکانی رۆژئاڤا، ئەمەش لە لایەن هەریەک لە بەڕێوبەریی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە رەتکرایەوە و ئەوانیش تورکیایان تۆمەتبارکرد لە هێنانەوەی بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانیان.
بە گوێرەی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی ئاژانسی نۆرس پرێس، درۆنەکانی تورکیا بۆردومانی 52 شوێنیان کردووە، لە نێویاندا 19 پیگەی ژێرخانی ئابووری و 22 شوێنی نیشتەجێبوون و 11 پێگەی سەربازی، کە 5یان هێزی حکومەتی سوریا بوون.
ژمارەی قوربانییەکانیش گەیشتە 18 کەس، 11 کەس گیانلەدەستدان، کە 4 یان هاوڵاتی سڤیل بوون و 7 کەسیش برینداربوون کە 5 یان سڤیل و 2یان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوون.
ئەکرەم سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای جەزیرە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کارەبا لە بەشێک لە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و گوندەوارەکانی و بەتەواوی لە شاری عامودا و گوندەوارەکەی پچڕاوە، ئەوەش بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئەو شارانە.
بۆردومانەکەی تورکیا ئەم ناوچانەی گرتەوە: 19 شوێن لە قامیشلۆ، 12 شوێن لە حەسەکە، 3 شوێن لە کۆبانی، 14 شوێن لە گوندەواری باکووری حەڵەب، 3 لە دیریک، 1 لە عەین عیسا.