وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دانی بەوەدا نا کە ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای کوردستانیان کردووەتە ئامانج

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند کە دامەزراوە و ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کردووە و رایانگەیاند کە 30 ئامانجیان تێکشکاندووە.

لە کاتژمێرەکانی بەیانی دوێنێوە تا ئێستا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە گوندەواری باکووری حەڵەبەوە تا مەنبیج، کۆبانی، قامشلۆ، دێریک و حەسەکە، کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرشی درۆنەکانی تورکیاوە و زیانی گیانی بەر هاوڵاتیانی سڤیل گەشتووە و دامەزراوەکانی وزە و کارەبا و ئاو و نەوتیش زیانیان پێگەشتووە.

بە سەدان هاوڵاتی لە قامشلۆ و حەسەکە و کۆبانی خۆپیشاندانیان کرد بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا و بەڕێوبەریی خۆسەریی، داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا کرد کە “هەڵوێستی رێگریکردن” دژ بە تورکیا بگرنەبەر.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، فەرماندەییەکەی لەسەر زەوی لە رۆژئاوای کوردستان، درۆنێکی تورکیایان خستووەتە خوارەوە کە بە دووری یەک کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی نزیک بە بوونی سەربازە ئەمریکییەکان فڕیووە.

پات رایدەر، سکرتێری گشتیی رۆژنامەوانی پنتاگۆن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە نۆرس پرێس ئامادەی بوو، رایگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە کاریگەرییەکانی هەڵکشانی سەربازیی تورکیا لەسەر ناوچەکە و هاوڵاتییانی سڤیل و توانایان لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد