ئاماری هێرشەکەی رێوڕەسمی دەرچووانی ئەفسەرانی حومس بەرزبووەوە بۆ 89 کوژراو و 277 بریندار

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی “سانا”ی سەر بە حکومەتی سوریا لە زاری وەزارەتی تەندروستی سوریاوە رایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشە “تیرۆریستی”یەی کە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی ئەفسەری کۆلێژی سەربازیی لە حومس کردە ئامانج، بۆ 89 کوژراو بەرزبووەتەوە کە 31یان ژن و 5یان منداڵن.

وەزارەتەکە لە راگەیاندراوەکەیدا لە روپەڕی فەرمی خۆی لە تێلێگرام ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 277 کەس.

فەرماندەیی گشتیی سوپای سوریا و هێزە چەکدارەکانی سوریا دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “رێکخراوە تیرۆریستییە چەکدارەکان بە پاڵپشتی لایەنە ناسراوەکانی نێودەوڵەتی، بە فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بە هەڵگرتنی تەقەمەنی، مەراسیمی دەرچونی خوێندکارانی ئەفسەری کۆلێژی سەربازییان لە حومس کردە ئامانج”.

تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی له‌ هێرشه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌، حکومەتی سوریاش سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەو وڵاتە راگه‌یاندوه‌، كه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستپێده‌كات و سەرجەم باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بە ئامادەبوونێکی فەرمی و جەماوەریی لە بەردەم نەخۆشخانەی سەربازیی حومس، رێوڕەسمی پرسەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر رێوڕەسمی دەرچووانی خوێندکارانی ئەفسەری کۆلێژی سەربازی دەستیپێکرد.

دوێنێ لە هێرشێکدا بۆ سەر رێورەسمی دەرچووانی ئەفسەران لە شاری حومس، تا ئێستا 89 کەس کوژراون و 277یش بریندارن و ژمارەکەش لە هەڵکشاندایە، تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشە رانه‌گه‌یاندووه‌، حکومەتی سوریاش سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەو وڵاتە راگه‌یاند، كه‌ له‌‌مڕۆوه‌ ده‌ستپێده‌كات و سەرجەم باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.