پنتاگۆن: فەرماندەیی هێزەکانمان لە باکووری سوریا بڕیاری خستنەخوارەوەی درۆنەکەی تورکیایان داوە
واشنتۆن – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، پات رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن رایگەیاند، “درۆنەکەی تورکیا بە دووری یەک کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی نزیک بە بوونی سەربازە ئەمریکییەکان لە حەسەکە فڕیووە، بۆیە فەرماندەیمان لەسەر زەوی بڕیاریاندا بیخەنە خوارەوە”.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درۆنێکی تورکی جۆری “بەیرەقدار”یان خستە خوارەوە، دوای ئەوەی لە ئاسمانی بنکەی ئەمریکی تل بەیدەر لە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاڤا نزیک بووەوە.
سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “نیگەرانین لە کاریگەرییەکانی هەڵکشانی سەربازی لەسەر ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و توانامان لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا”.
لە بەرەبەیانی دوێنێوە تورکیا بۆردوومانی ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاڤای دەستپێکردووە، کە بە زۆری ژێرخانی ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوون دەکەنە ئامانج و ژمارەی قوربانیانیش گەیشتووەتە 13 کەس، کە 8 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 5 کەسیش برینداربوون، بەپێی ئامارەکانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی ئاژانسی نۆرس پرێس.
رایدەر روونیشیکردەوە، کە سەرنجیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش دەمێنێتەوە و پابەند دەبن بە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پابەند دەبن بە کارکردن و هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند کە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەن سەبارەت بە “پارتی کرێکارانی کوردستان”، کە چەندین رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا واژۆکرد و دواهەمینیشیان لە ساڵی 2013دا بوو، بەڵام هیچیان نەگەشتنە رێککەوتنێکی هەمیشەیی ئاشتی لە نێوانیاندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن نیگەرانی خۆی لە روودانی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان دوو هاوپەیمانی ناتۆدا دەربڕی و جەختی لە گرنگی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا کردەوە و لە هەمان کاتدا جەختی لە گرنگی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردەوە.