زیادبوونی پەرەسەندنەکانی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ گەڕی كاروانی سەربازی ئەمریکا و رووسیا لە رۆژئاوای کوردستان

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی تورکیا بۆردومانەکانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕ كردەوە، ئەم بۆردومانانەش هاوکاتە لەگەڵ گەڕی كاروانی سەربازی هێزەكانی ئەمریکا و رووسیا لە نزیک ئەو سنوورە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كراوەتەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە، فڕۆکەکانی تورکیا حەوت شوێنیان لە قامشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ کردۆتە ئامانج.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، تا ئێستاش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەسەرئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ گەڕانی كاروانی سەربازی ئەو هێزانەی کە گەرەنتی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنقەرە دەکەن.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كاروانی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا بە شارۆچکەی رمێلان لە گوندەوارەكانی قامشلۆوە تا شاری دێریک و قوڵایی رۆژئاوای کوردستان تێپەڕیون، لەهەمانكاتدا بۆردومانێکی تورکیا بەنداوێکی لە گوندەوارەكانی قامشلۆ کردووەتە ئامانج.

هەرچەندە هێزەکانی رووسیاش گەڕێکی سەربازییان لە نزیک عامودا لە گوندەوارەكانی قامشلۆ ئەنجامداوە، كەچی گوندی تل حەبەش لە گوندەوارەكانی عامودا لەلایەن توركیاوە بۆردومان كراوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، لەم هێرشەدا زیانی گیانی هەبووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆشەنگ حەسەن