لە ترسی نوێبوونەوەی بۆردوومانەکان.. میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور خۆیان دەشارنەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا، دەستیان بە گۆڕینی شوێنەکانیان و دابەزاندنی ئاڵاکانیان کردووە، ئەمەش پێدەچێت هەنگاوێکی “خۆپارێزی” بێت لە ترسی نوێبوونەوەی بۆردومانەکان.

نیوەشەوی دووشەممە/سێشەممە، پێگەکانی ئێران لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردومان کران، کە سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا بە “دەستدرێژیی ئیسرائیلی” ناویان برد، کە چەند پێگەیەکیان لە دێرەزوور، بوکەمال و مەیادین، کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازیی له سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند که سوپاکەیان و میلیسیاکانی سەر بە ئێران دەستیان بە گۆڕینی پێگەکانیان و دابەزاندنی ئاڵاکانیان کردووە، بە گوتەی سەرچاوەکە ئەمەش “لە ترسی نوێبوونەوەی ئەو بۆردومانەی کە بەر لە دوو رۆژ چەند پێگەیەکیانی کردە ئامانج”.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاکان سێ پێگەیان لەسەر سنووری سوریا و عێراق و لە شارۆچکەی بوکەمال چۆڵکردووە و لەنێو ماڵی هاوڵاتیانی سڤیلدا لە گەڕەکەکانی بەکەمال نیشتەجێبوون، هەروەها کۆگایەکی چەکیان لە شارۆچکەی عیاش لە دێرەزوور گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە بارەگای فەرماندەیی و یەکەکانی ئەلیکترۆنی لە شوێنی سەرەکی خۆیان، لە نزیک مەزارگەی عەین عەلیەوە، گواستراونەتەوە بۆ یەکێک لە بارەگاکانیان لە گەڕەکی ئەلتەممو لە ناوەڕاستی ئەلمەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا کۆمەڵێک رێوشوێنیان گرتەبەر کە پەیوەندییان بە رێگریکردن لە پشووەکان و رێگەنەدان بە ئەفسەرانی دەرەوەی دێرەزوورەوە بوو بۆ چوون بۆ شارەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخی ئاگادارکردنەوەی ئەمنیدایە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، بۆردومانەکەی دوو رۆژ لەمەوبەر بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی “ترسک و سەرلێشێوان” لەنێو میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان