بەڕێوبەریی خۆسەریی داوا لە رووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات کە رێگربن لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر رۆژئاڤا

هەولێر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا کرد، کە رێگربن لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان.

دوێنێ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، هەڕەشەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ژیانیی و گرنگەکانی لە رۆژئاڤا کرد و بە “ئامانجێکی شەرعی بۆ هێزەکانیان”ی زانی، ئەمەش لە پاشخانی تەقینەوەیەکدا، کە یەکشەممەی رابردوو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کردە ئامانج و دواتر پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی خۆی لێی راگەیاند.

لە راگەێنراوەکەی خۆسەرییدا هاتووە: “بەئامانجکردنی دامەزراوە گرنگەکان بە تایبەتی لێکەوتەی نەرێنی لەسەر دۆخی گشتی ژیان و دۆخی مرۆیی دەبێت و رەفتارێکی شەڕانگێزانەیە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.”

هەروەها بەڕێوبەریی خۆسەریی هۆشداریدا لە کاریگەریی هێرشەکانی تورکیا لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش.

دوێنێ وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوەکردبوو، کە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، ئەمەش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە رەتکرایەوە، جەختیشیانکردەوە، کە ئەوان لایەنێک نین لە ململانێی ناوخۆییەکانی تورکیا، ئەو تۆمەتانەشیان وەک “بیانووی شەرعیەتدان بە  هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاڤا” وەسف کرد، ئەمەش لە بڵاوکراوەیەکی فەرماندەی گشتی “هەسەدە” جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدیدا هاتبوو لە تۆڕی جڤاکی”X”.

بەگوێرەی راگەێنراوەکەی بەڕێوبەریی خۆسەریی: “هەڕەشەکانی تورکیا بەردەوامیدانە بە دۆخی ئاژاوەگێڕی و بەربەستی سەقامگیری و کۆدەنگیی نیشتمانیی لە سوریا، ئەمەش ئامانجێکی سەرەکی تورکیایە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان