پاش هەڕەشەکان.. درۆنەکانی تورکیا دوو شوێن لە حەسەکە بۆردوومان دەکەن
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێکی تورکیا دوو شوێنیان لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە کردە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی کرد بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی تورکیا کارگەیەکی لە گوندی “موشەیرفە لحەمە”یان لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە کردە ئامانج، دوای نزیکەی دوو کاتژمێر ئۆتۆمبێلێکیان نزیک بە شوێنی بۆردوومانی یەکەم، کردە ئامانج.
لەئەنجامی ئەم بەئامانجکردنەوە، وەک دەرەنجامێکی سەرەتایی، دوو کەس برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئەوەشی خستەڕوو، کە هێشتا درۆنەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕێنەوە.
ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی سەربازی تورکیا و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و ڤێدانت پاتەل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردن لە کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی ئاگربەست وەک پایەیەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا هەنگاو بنێن.
دوێنێ چوارشەممەش، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر کارگەیەکی کەرەستەی بیناسازی لە گوندەواری حەسەکە، چوار هاوڵاتی سڤیل برینداربوون.