“هەسەدە” لە روونکردنەوەیەکدا بانگەشەکانی تورکیا سەربارەت بە تەقینەوەکەی ئەنقەرە بەدرۆ دەخاتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە دژی هێرشەکەی ئەنقەرە.
یەکشەممەی رابردوو، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، تەقینەوەیەک روویدا، دواتر پارتی کرێکارانی کوردستان کە ماوەی 40 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵ تورکیا، بەرپرسیارێتی خۆی لێ راگەیاند.
دوێنێش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە “لە سوریاوە هاتوون”، بەدیاریکراویش مەبەستی لە رۆژئاوای کوردستان بوو، هەروەها هەڕەشەی بۆردومانکردنی دامەزراوە گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد.
“هەسەدە” لە روونکردنەوەکەیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “هەموو ئەو تۆمەتانەی کە بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دەربارەی بەکارهێنانی ناوچەکانمان، خراونەتەڕوو، بێبنەمان و دوورن لە راستییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تۆمەتانە “درێژەپێدەری ئەو بازنەی تۆمەتە درۆینانەن، کە تورکیا لە ماوەی رابردوودا هەمیشە بەدوایدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆییەکانی لاببات و ڕێگە خۆش بکات بۆ تاوانەکانی پاکتاوی نەتەوەیی و جینۆساید دژ بە گەلەکەمان “.
لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە”، لە تۆری جڤاکی “X” رایگەیاند، “تورکیا بە شێوەیەکی رۆتینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانمان، ئێستاش هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی ناوچەکەمان دەکات، کە پێنج ملیۆن کەسی تێدایە دەژین، بە ئاوارەکانیشەوە”.
لەکۆتایی راگەێنراوەکەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختیان لەوە کردەوە، کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە سەر رێبازەکەیان کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوخۆ و ناوچەکەیە.
لە کاتێکی پێشتریشدا، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە لە دژی ئەوان خراونەتەڕوو، کە پەیوەندییان بە بۆردومانەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرەوە هەیە.