مەزڵوم عەبدی تۆمەتەکانی تورکیا سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئەنقەرە رەتدەکاتەوە

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە لە دژی ئەوان خراونەتەڕوو، کەوا پەیوەندیدارن بە تەقینەوەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرەوە.

یەکشەممەی رابردوو، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا تەقینەوەیەک روویدا، دواتر پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ماوەی 40 ساڵە لە گەڵ تورکیادالە ململانێدایە، بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە راگەیاند، ئەمڕۆش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە “لە سوریاوە هاتووە”، مەبەستیشی بە دیاریکراویی رۆژئاوای کوردستان بوو.

عەبدی لە تویتێکدا لە تۆڕی جڤاکی “X” رایگەیاند، “ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە بە ناوچەکانی ئێمەدا تێنەپەڕیوە وەک بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکەن، ئێمەش لایەنێک نین لە ململانێ ناوخۆییەکانی تورکیادا و هانی جۆشدانی نادەین.”

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ شەرعیەتدان بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بۆ دەستپێکردنی دەستدرێژییەکی سەربازی نوێ و ئەمەش نیگەرانییە قووڵەکانمان بەرزتر دەکاتەوە.

روونیشیکردەوە، بەئامانجگرتنی ژێرخان و سەرچاوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و دانیشتووانی شارەکان تاوانی جەنگە و ناوچەکانمان پێشتر و ئێستاش بەدەست ئەو هێرشانەوە دەناڵێنن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی بۆردومانکردنی دامەزراوە گرنگەکانی باکوری سوریای کرد.

لە کۆتایی تویتەکەیدا عەبدی داوای لە لایەنە گەرەنتیکارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستی گونجاویان هەبێت سەبارەت بەم هەڕەشە دووبارەبووانە، بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی