سوودانی: سەقامگیری هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی لەسەر عێراق دەبێت
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، داوای گفتوگۆ کرد لە پێناو سەقامگیری لەگەڵ هەرێمی كوردستان، گوتیشی “سەقامگیری هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی لەسەر عێراق دەبێت”.
سوودانی لە وتارێكدا لە مەراسیمی یادكردنەوەی كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند، “هەموو ئەو كێشە و ئاڵنگاریانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، دەكرێت لە رێگەی بەرزكردنەوەی گیانی لێخۆشبوون و بۆ بەرژەوەندی گەلەكەمان چارەسەریان بكەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەو گفتوگۆییانەی ئەوان پشتیوانی لێدەكەن، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان كار دەكەن بەو پێیەی سەقامیگری هەرێمی کوردستان، رەنگدانەوەی بۆ بەدهێنانی سەقامگیری لە عێراق دەبێت.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە، سەپاندنی ئیرادەی دەستوور و پاراستنی خاكی عێراق لە هەموو خراپ بەكارهێنانێك و پاراستنی سەروەرییەكەی، بە پابەندبوونێكی نیشتمانی بەرپرسیارانە دەبێت كە کەس لێی لانەدات.