بەڕێوبەریی خۆسەریی وێستگەیەک نۆژەندەکاتەوە کە کارەبا دەدات بە سەدەها گوند لە گوندەواری قامشلۆ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی وزەی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە هەرێمی جەزیرە، دەستپێکردنی کارەکانی نوژەنکردنەوەی وێستگەیەکی کارەبای راگەیاند کە وزەی کارەبای سەدان گوندی گوندەواری قامشلۆ لە رۆژئاڤا دابین دەکات.
بەڕێوبەریی خۆسەریی لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، “فەرمانگەی وزە دەستیکردووە بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەی تل حمیس 20Kv/66 کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر لەکارکەوتبوو بەهۆی دەست بەسەرداگرتنیەوە لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانی (داعش و نوسرە)وە”.
بەهۆی ساڵانێک بوونی جەنگ لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، دانیشتوانی بەدەست لاوازی ژێرخانی وزەوە دەناڵێنن و ئامێر و کەرەستەی تاوەرەکان تووشی “دزین” دەبنەوە، بەپێی نوێکارییەکانی فەرمانگەی وزە لە ماوەی پێشوودا.
وەگەڕخستنەوەی ئەم وێستگەیە بۆ خزمەتی کارەبا دەبێتە هۆی باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و هەروەها کوالیتی کارەبا بۆ ناوەندی تل حمیس، ئەمە جگە لە نزیکەی 300 گوندی سەر بەوێش، بەگوێرەی ئەنجوومەنی جێبەجێکار لە هەرێمی جەزیرە.
بەرپرسانی پڕۆژەکە باس لەوە دەکەن کە تێچووی نۆژەنکردنەوەکە زیاترە لە نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەروەها ماوەی 40 رۆژ دەخایەنێت تا وێستگەکە بە تەواوی بکەوێتەوەکار.