گیانلەدەستدانی ئەندازیارێکی هەڵگرەوەی مین و برینداربوونی چوار کەسی دیکە لە مەنبیج
مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر رێگای بەنداوی تشرین، لە باشووری مەنبیج، رۆژئاوای کوردستان، مینێک لە کاتی هەڵگرتنەوەیدا تەقیەوە، کەسێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە تیمی ئەندازیاری هەڵگرتنەوەی مین، دوای ئەوەی هەواڵیان پێگەیشتووە کە مینێک لەو ناوچەیە هەیە، چوونەتە شوێنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک لە تیمی ئەندازیاری مین کە لە هەوڵی هەڵگرتنەوەی مینەکەدا بووە، هەروەها برینداربوونی چوار کەسی دیکەش بە برینێکی سووک و مامناوەندەوە، بەپێی سەرچاوەکە.
تا ئێستا بەتەواویی نازانرێت هۆکاری تەقینەوەکە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی مینەکە بووە یان کەسێک لە دوورەوە هەستاوە بە تەقاندنەوەی، لایەنە ئەمنییەکانیش هێشتا هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.
لە 26ی مانگی ئابی رابردوودا، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی چێنراو، لە گوندی قەرت ویران لە مەنبیج، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا.