بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور “بەچڕی” بۆردوومانکران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە/سێشەممە، فڕۆکە نەناسراوەکان، “بەچڕی”، پێگەکانی میلیشیا سەربازییەکانی سەر بە ئێرانیان لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان کرد و بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە سوپای پاسدارانی ئێران، زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

بارەگا و پێگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور ناو بەناو بۆردومان دەکرێن، هاوکات دەزگاکانی راگەیاندن لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایانگەیاندووە، کە ئیسرائیل لە پشت ئەو بۆردوومانانەوە بووە کە دێرەزووریان کردۆتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران بە نۆرس پرێسی راگەیاند، فڕۆکەیەکی نەناسراو کۆگایەکی چەکی سەر بە “سوپای پاسدارانی ئێران”ی بە سێ مووشەک کردووەتە ئامانج، لە نزیک چیای هەرابش لە دێرەزوور.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆردومانەکە بارەگای راداری کەتیبەی ئەلیکترۆنی لە گەڕەکی هەڕابێش کردووەتە ئامانج، هەروەک بارەگای “سوپای پاسدارانی ئێران”یشیان لە چواردەووری شارۆچکەی ئەلجەفرە لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج.

هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە فڕۆکەکان پێگەیەکی سەربازی فه وجی 119ی نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی دێرەزووریان کردووەتە ئامانج، هەروەها پێنج هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر گۆڕەپانی ئەلبەوابە له ناوچه ی حومەیزە له گوندەواری بەکەمال و دەروازەی سەربازی لە سەر سنووری سوریا و عێراق، پردی ئەلهوڕی لەسەر سنووری سوریا و عێراق و بارەگایەکی سەربازی “سوپای پاسدارانی ئێران” نزیک بە فڕۆکەخانەی ئەلحەمدان.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، فڕۆکەکە دوای دوو کاتژمێر لە بۆردومانی شوێنەکانی پێشوو گەڕاوەتەوە و بە دوو هێرشی ئاسمانی بارەگای “سوپای پاسدارانی ئێران” و خاڵێکی سەربازیی لیوای قودسی، لە نزیک مەزارگەی عەین عەلی لەو شارۆچکەیە کردووەتە ئامانج لە ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بە هۆی بۆردوومانی ئەو درۆنانەوە، میلیشیاکانی ئێران و گروپەکانی لایەنگریان سەرجەم بارەگاکانیان چۆڵکردووە و لە ترسی بۆردومان لە نێو ماڵە مەدەنییەکاندا نیشتەجێ بوون.

ئەو بۆردوومانانە بوونە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران و برینداربوونی چوار کەسی دیکە، هەروەها دوو ژنیش کە لە نزیک شوێنی بۆردومانەکە بوون بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی “زیانێکی ماددی بەرچاو لە چەک و ئۆتۆمبێلەکانیان”دا کەوتووەتەوە.

دەزگای فەرمی سانا رایگەیاند، “دەستدرێژییەکی ئیسرائیل پێگەکانی سوپای سوریای لە دەوروبەری دێرەزوور کردە ئامانج و دوو سەرباز برینداربوون و هەندێک زیانی ماددی لێکەوتەوە”.

ئیسرائیل تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بۆردومانە ئاسمانییەی دێرەزوور نەداوە.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان