دیمەشق – نۆرس پرێس
پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی درێژکردنەوەی مۆڵەتی دەستێوەردانی سیاسی لە سوریا و عێراق و تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، ساڵی یاسادانانی خۆی دەستپێدەکاتەوە، لە کاتێکدا کە حکومەت بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە یەکەمین دانیشتنی کارکردن بەڕێوەبچێت و تاوتوێی درێژکردنەوەی مۆڵەتی سوپا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووربەزێن لە سوریا و عێراق بکرێت، کە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتایی بە مۆڵەتەکە دێت.
سوپای تورکیا ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای کوردستانی داگیرکردووە، هەروەها لانیکەم 30 بنکە و پێگەی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا، لە کردنەوەی ساڵی یاسادانانی پەرلەمان، دوێنێ دووشەممە، دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەیەک، کە ئەنقەرەی پایتەختی کردە ئامانج، رایگەیاند، بەنیازە بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بەوەی کە بە “تیرۆر” ناوی برد “لە باکوری سوریا و عێراق”.
پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، هەرچەندە لە ئەجێندایەکی دیاریکراودا نەهاتووە، بەڵام یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆرترین سەرنج و چاوەڕوانی بۆ هاوپەیمانان رادەکێشێت.
تورکیا هاوشان لەگەڵ هەنگاریا تا ئێستا رازی نەبووە کە ستۆکهۆڵم بێتە ناو هاوپەیمانییەکەوە.
جگە لەوەش پەرلەمانی تورکیا پێی باشە بڕیارنامەکە سەبارەت بە بەشداری سوپای تورکیا لە چالاکییەکانی هێزی کاتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان و لە کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و مالی نوێ بکاتەوە.