وەزیری وزەی تورکیا: لەم هەفتەیەدا هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێدەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت لە ئەبوزەبی ئاماژەی بەوەکرد، کار بۆئەوە دەکەن لەم ھەفتەیەدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە دەستپێبکەنەوە و ئێستا ئەو بۆریە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەندەری جەیهان.

بە گوتەی وەزیرەکە، “دوای دەستکردنەوە بە چالاکییەکانی، بۆرییە نەوتەکە توانای ئەوەی هەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان بگوازێتەوە.”

گوتیشی، ھەموو ئەو زیانانەی بەھۆی بومەلەرزە و لافاوەوە بەر بۆری گواستنەوەی نەوت کەوتبوون چارەسەرکراون و ھەموو پشکنینەکانیش بۆ سەلامەتی بۆری گواستنەوەی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا تەواوبووە.

دوای بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق، لە 25ی ئاداری ئەمساڵەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە و چەند جارێکیش کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان عێراق و تورکیا کراوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە.