دانیشتووان و چالاکوانانی کۆبانی داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا دەکەن
کۆبانی – نۆرس پرێس
دانیشتووان و چالاكوانانی شاری كۆبانی داوای پێویستی راگرتنی هێرشە دووبارەكانی توركیا بۆ سەر دانیشتووان و هەڕەشە بەردەوامەكانی سەر ناوچە ئارامەكانی رۆژئاوای کوردستانیان كرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئامانجی توركیا ئاوارەكردنی ئەو دانیشتووانانەیە كە لە ناوچەكەدا ماونەتەوە.
هێزەکانی تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان پەرەپێداوە و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان کردۆتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی مەدەنی لێکەوتووەتەوە.
بەردەوامی هێرشەکان
پزیشک و چالاکوانی سیاسی، حیکمەت ئەحمەد محەممەد، خەڵکی شاری کۆبانی دەڵێت، “چەند ساڵێک تێپەڕیوە و شاری کۆبانی و تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر هەڕەشە و بۆردوماندان، لەدوای ئەوەی شارەکە لە دەستی داعش رزگار کراوە، ئەم هێرشانە لەلایەن تورکیاوە نەوەستاوە. “
ئاماژهی بهوهشكرد، “لهم دواییانهدا چڕی هێرشهكانی توركیا بۆ سهر ناوچهكه زیادی كردووه، بهتایبهتی له بە ئامانجكردنی منداڵان و هاوڵاتیان و ماڵهكاندا، وهك دوو رۆژ پێش ئێستا روویدا، هێرشه هەڕەمەکیەکانی توركیا بووه هۆی كوژرانی منداڵێك و برینداربوونی چواری دیكه، ئهم پهرهسهندنه سهربازییەش هاوكات بوو بە ”کۆبوونەوەکەی سوچی.”
حیکمەت پێیوایە “ئامانج لەم هێرشە بێ جیاوازیانە بەتاڵکردنەوەی ناوچەکەیە لە دانیشتووانەکەی بە ترساندن و ئاوارەکردنی خەڵکی سڤیل و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.”
ئاماژەی بە بێباکی دەوڵەتانی گەرەنتیدەر لە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، “هیچ وەڵامێکی جددیمان نەبینی سەبارەت بە بۆردومانکردن و بەئامانجکردنی هەڕەمەکی خەڵکی سڤیل”.
ترساندنی منداڵان
ئامون ئیبراهیم (72 ساڵ)، دانیشتووی باكووری رۆژئاوای كۆبانی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “ئێمە لەژوورەوە بووین، لەناكاو، گوێمان لە دەنگی تۆپباران و مووشەك بوو بۆ سەر شارەكە، چەند خولەكێك دواتر، ئاڵوگۆڕی تەقە كرا لە هەردوو لاوە دەستی پێکرد.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “دۆخەکە ترسناک بوو بۆ منداڵەکان، منداڵەکانمان لە ماڵەکەدا کۆکردەوە، بەڵام زۆر ترساون، تەمەنیان لە خوار دە ساڵەوەیە، ئەم شتانەش بۆ ئەوان زۆر ترسناکن، نەوەکەم لە ژێر بەتانیەکەدا خۆی و دەیگوت هەموومان دەمرین.”“فیشەکەکان بەسەرماندا تێدەپەڕین، ژمارەیەک فیشەک بەر ماڵەکان کەوتن، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا کە شارەکەی هەژاند، دوو خانووی تەنیشت ماڵەکەمان وێران بوون.”
دەشڵێت: “ژیان لە شارەکەدا وەستاوە، ناتوانین ئاوا بەردەوام بین … ئێمە دەکرێنە ئامانج، چ بە تۆپ و تانک، یان بە هەڕەشە.”
ئیبراهیم پرسیار دەکات، ئەی ئەگەر یەکێک لە فیشەکەکان بەر منداڵەکانمان بکەوتایە؟
دەڵێ، دەبێت شەڕ لە خەڵکی سڤیل دوور بخرێتەوە.. من هەر ئەوەندە دەزانم.
بێدەنگی نێودەوڵەتی
تۆپخانەکانی تورکیا گوندەکانی سنوورییان کردە ئامانج، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی شاری کۆبانی و بۆردومانی ئاسمانی بنکەیەکی سوپای سوریا، یەکێک لەو گوندانەی کە بۆردومان کرا گوندی سفتک بوو، مەروە حەمدۆ (تەمەن 47 ساڵ) بەهۆی بۆردومانەکەوە بریندار بوو، هاوکات منداڵێک بە ناوی عەبدولخەڵەف (14 ساڵ) گیانی لەدەستدا و مامیشی لە بۆردومانی تورکیا بۆ سەر گوندەکە بریندار بوو لە گوندی زوراڤا.
فەهمی شێخو (47 ساڵ)، خەڵکی گوندی سفتک و خزمی مەروە حەمدۆ و دراوسێیانە لە گوندەکە ڕایگەیاند، “نزیکەی کاتژمێر نۆی بەیانی تانکەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ گوندەکەمانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا مەروە حەمدۆ بریندار بوو بە بۆردومانی ماڵەکەی بە تانکێک.”
شێخۆ وتی:” تۆپبارانەکە توندوتیژ بووە، تۆپ و تانک و دۆشکەی قورس بەکارهات، تۆپبارانەکە بۆ سەر ماڵەکانی دانیشتوانی گوندەکە بوو، دەوڵەتی تورک جیاوازی ناکات لە نێوان منداڵ و ژن و سەرباز وسڤیلدا.”
ناوبراو ڕەخنەی لە بێدەنگی نێودەوڵەتی گرت، کە گەرەنتیدەری ڕێککەوتنی ئاگربەستن و وتی: “دەبوایە ئەم بۆردومانانە لە مێژە کۆتاییان بهاتایە، بەڵام دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چڕییان لە زیادبووندایە، ئامانجیشیان ئاوارەکردنمانە لە گوند و ماڵەکانمان، بۆیە پێویستە وڵاتان دەستوەردان بکەن و تەنها بە تەماشاکەر نەمێننەوە.”