بەرگری رووسیا درۆنەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی “پێشێلکاریی” لە ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ناوەندی حمەیمێم بۆ ئاشتەوایی لە سوریا، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری رووسیایە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکای بە “پێشێلکردنی” پرۆتۆکۆلی “خۆپاراستن لەبەرکەوتن” لە سوریا تۆمەتبار کرد.

دوێنێ شەممە، ئاژانسی “تاس”ی رووسیا لە زاری ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی حمەیمێمەوە، بڵاویکردەوە، شەش پێشێلکاریی پرۆتۆکۆلەکانی “خۆپاراستن لەبەرکەوتن”یان تۆمارکردووە، کە لە 9ی کانوونی دووەمی 2019دا لە نێوان هەردوولایەندا واژۆکراوە، کە درۆنەکانی هاوپەیمانان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی رووسی فڕینیان ئەنجامداوە.

کۆلێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەکات بەوەی “دۆخی مەترسیدار دروست دەکات کە دەکرێت ببێتە هۆی رووداوی فڕۆکەوانی”.

لە چوارچێوەیەکی دیکەدا ئەو ئەفسەرە رووسییە رایگەیاند کە یەکەکانی پۆلیسی سەربازی رووسیا لە حەڵەب و رەققە و حەسەکە گەڕی سەربازییان ئەنجامداوە.

ناوبراو رایگەیاند ئەوان چاودێری “چوار هێرشیان کردووە بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب”.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی