ئیسرائیل بارێکی چەکی ئێرانی لە نزیک دیمەشق دەکاتە ئامانج

دیمەشق – نۆرس پرێس

بە گوێرەی راپۆرتە نافەرمیەکانی هەردوو وڵات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگەیەکی ئێرانی لە دەوروبەری دیمەشق.

هێرشەکە لە نێوان گوندەکانی ئەلئەسەد و ناحیەی ئەلدیماس لە رۆژئاوای دیمەشقی پایتەخت روویداوە، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی هەواڵەکەش، دیمەشق هیچ لێدوانێکی لەسەر هیچ بۆردومانێک لە لایەن ئیسرائیلەوە نەداوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی هێرشەکە سیستەمی بەرگری ئاسمانی چالاک کرا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بوونی زیانی گیانیش نییە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە زانیاری چالاکوانان، وا دیارە هێرشەکە پێگەیەکی چەکی ئێرانی کردبێتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل بەگشتی لێدوان لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سوریا نادات. بەڵام بە ئاشکرا دانی بەوەداناوە کە لە ماوەی دەیەی رابردوودا هێرشی زۆری کردووەتە سەر ئەو گرووپانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکەن.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، تەقینەوەکان دەردەخەن کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەنگ دەدەنەوە، هەرچەندە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە بووە کە لە ئامانجە دیاریکراوەکانیان داوە.

ئەم هەواڵانە نزیکەی دوو هەفتە دوای ئەوە دێن کە سوریا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هێرشی کردووەتە سەر سنووری نزیک بەرزاییەکانی جۆلان و لە ئەنجامدا دوو چالاکوانی “جیهادی ئیسلامی” کوژران، بەپێی راگەێنراوێکی فەرمی سوپای ئیسرائیل.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: هۆزان زوبەیر