کەسایەتییە دیارەکانی هۆزەکان سەرکۆنەی ئاژاوەگێڕییەکانی دێرەزوور دەکەن و دوبەرەکی رەتدەکەنەوە
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، سەرۆک و کەسایەتییە دیارەکانی هۆز و خێڵەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا کە لە نووسینگەی هۆزی بەکەرە لە شاری حەسەکە خوێندیانەوە، رووداوەکانی ئەم دواییەی دێرەزوور و هەوڵی لایەنە دەرەکییەکان بۆ راکێشانیان ناوچەکە بۆ ناو دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕیی، شەرمەزار کرد.
لە دەقی راگەێنراوەکەدا هاتووە:”ئەو لایەنانەی هەوڵی پەرەپێدانی ململانێ دەدەن، ئێران و تورکیان، هەوڵدەدەن ئەو گرژییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی رووداوەکانی ئەم دواییەوە، دێرەزوور و گوندەوارەکەی بخەنە نێو ململانێ و ئاژاوەگێڕییەوە”.
لە کاتی خوێندنەوەی راگەێنراوەکەدا، کەسایەتییە دیارەکان و سەرۆکهۆزە عەرەب و کوردەکان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە پێکهاتەکانی سریانی و ئێزیدی ئامادەبوون.
لە راگەێنراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە “هەندێک کەس و قەوارە هەوڵدەدەن ناوی خێزان و هۆزەکانیان بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی پارە، بەڵام ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن”.
جەختیشیان کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هیچ نیازێکی جوداخوازانەیان نییە و هەموو هۆزەکان پێیان وایە ئەو هێزانە ئەوانەن کە کاریان کردووە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و بۆ ئەوەی هەموو رۆڵەکانیان لە باوەش بگرن”.
عەبدولباسیت عەبدولهادی ئەلعەلی، کە یەکێکە لە کەسە دیارەکانی هۆزی شوعەیتات، رایگەیاند کە “هۆزەکانی دێرەزوور هیچ پەیوەندییەکیان بە رووداوەکانی ئەم دواییەوە نییە و دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە لایەنە دەستدرێژیکار و ئاژاوەگێڕەکانەوە نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆزەکانی دێرەزوور ململانێ رەتدەکەنەوە، وەڵام و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرامبەر بە لایەنەدەرەکییەکان و چەکدارە ئاژاوەگێڕەکان و کەسانی دەرەوەی یاسا “لەسەر داوای هۆزەکان بووە”.