ئەستێرەیەکی لاو بیرکردنەوەی ریال مەدرید لەسەر ئێمباپێ دەگۆڕێت

ژوری وەرزشی- نۆرس پرێس

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە دوای رۆیشتنی کەریم بنزیما، لە یانەکە تووشی کێشەی زۆر بووەوە و لە گواستنەوەی هاوینەدا هیچ یاریزانێکی گونجاوی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی یاریزانەکە نەگواستەوە، ئێستاش هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی هێنانی هێرشبەرێک دەکەن لە گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا.

تۆڕی دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت “یانەی ریال مەدرید بەتواناکانی ماتیاس تیل، هێرشبەری 18 ساڵ و لاوی فەرەنسا و یانەی بایرن میونشن سەرسامە و بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکاتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید سەرسامە بە تواناکانی ئەو یاریزانە، سەرەڕای ئەوەی پێشینەی پلانەکانیان گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێیە، بەڵام دەیەوێت هاوینی داهاتوو ئەو یاریزانەش بباتە ریزەکانی.

ماتیاس تیل ئێستا لە بازاڕدا نرخی دەگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ، چاوەڕواندەکرێت بایرن میونشن بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە نەبێت.

ماتیاس لەم وەرزەدا لە 8 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 5 گۆڵی تۆمارکردوو و ئاسیستێکی هەیە، لەکاتێکدا وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری لە یارییەکاندا دەکات.

چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی زستانەدا ریال مەدرید بە سوود وەرگرتن لە کێشەکانی لەگەڵ یانەکەی گرێبەست لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمێن بکات و لە هاوینیشدا تیل بگوازێتەوە، بەمەش ئەگەر ئێمباپێ نەگوازێتەوەش رەنگە تووشی کێشە نەبێت.