پێدەرسن: داهاتوویەکی تاریک لە بەردەم سورییەکانە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، چارەسەری هەمەلایەنەی ململانێی سوریا دووردەستە، و هۆشداریشیدا لە داهاتوویەکی “تاریک” ئەگەر “هەنگاوی بەرجەستە” و رێوشوێنی دروستکردنی متمانە بۆ شکاندنی چەقبەستووی سیاسی نەگیرێتەبەر.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پیدەرسن داوای لە سەرکردە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە “ئێستا” هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی خرابی دۆخی سورییەکان، چۆنکە بێهیوایی لەنێو دانیشتوواندا قووڵتر بووە”.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە بارودۆخی ئێستا کرد، کە وەک خۆی وەسفی کرد، “خراپتر دەبێت و رەنگە برووخێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵنگارێکی نوێ”.
پێدەرسن وتی، هەنگاونان بەرەو پێشەوە پێویستی بە “گۆرانکاری لە بیرکردنەوە”دا دەبێت، بەو پێیەی “لایەنەکانی سوریا و هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتییە گەورەکان پێویستیان بە قبوڵکردنی یەکلاییکردنەوەکە بە شێوەیەکی بنەرەتیتر، بۆ دروستکردنی متمانەی راستەقینە لەرێگەی هەنگاو بە هەنگاوەوە”، کە هەمان بنەمایە کە بەیاننامەی عەمان داوای کرد.