وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەگەر ئێران بیەوێت بوار بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، دەبێت هەنگاو بنێت بۆ “کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان”
هەولێر – نۆرس پرێس
ئاژانسی رۆیتەرز گواستیەوە، دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی ماتیۆ میلەری گوتەبێژی وەزارەتەکەوە رایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت بوار بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، دەبێت هەنگاو بنێت بۆ “کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان” دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و یەکەم هەنگاویش هاوکارییکردنە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
میلەر گوتی: “ئێران دەبێت هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان ئەگەر بیەوێت گرژییەکان هێور بکاتەوە و بوار بۆ دیپلۆماسی بکاتەوە”.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: “تەنها لە چەند هەفتەی رابردوودا بینیمان ئێران هەنگاوی ناوە بۆ تێکدانی توانای ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی، لە ئەنجامدانی کارەکانی، بۆیە ئەگەر ئێران بەڕاستی جدی بێت لە هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن، ئەوا یەکەم کار کە دەتوانێت بیکات هاوکاریکردنە لەگەڵدا “ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم”.
میلەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوانەی کە وەک پێشەکییەکی شیمانەکراو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران باس دەکرێت، چ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە.
بەڵام کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا دەڵێ ئێران دەبێت هەموو ئەو هەنگاوانە بنێت کە ئەمریکا داوا دەکات پێش ئەوەی واشنتۆن رازی بێت بە ئەنجامدانی گوتووێژی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، ولە وەڵامدا گوتی”من ئەوە ناڵێم”.