هەولێرــ نۆرس پرێس
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 11 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری کریستاڵی راگەیاند کە ماددەکان لە هەولێر بوون و تۆمەتبارەکانیش لە سلێمانی و قەڵادزێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە شاری هەولێر دەستیان گرتووە بەسەر 11 کیلۆگرام و 650 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ.
وەک لە راگەیەندراوەکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، لە رێکەوتی 25ـی ئەیلوولی 2023، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش – سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، بەهاوبەشی توانرا پێنج تۆمەتبار لە شاری سلێمانی و شارۆچکەی قەڵادزێ دەستگیربکرێن لەگەڵ بڕێکی دیکە کە لەهەمان جۆری ماددەی هۆشبەر بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.