هەولێر – نۆرس پرێس
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی پاک لە جیهان، هێشتا هیوایان هەیە، بتوانن رێگە بگرن لە گەرمبوونی زەوی بە 1.5 پلەی گەرمی سیلیزی.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ سێشەممە، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە بەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوو، پابەندبوون بە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی وزەی خۆر و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکارەباییەکان زیادیانکردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی نوسیویەتی: “سێکتەری وزە زیاتر لەوەی زۆر کەس ئاگای لێیە بەرەو پێش چووە، بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لەبەردەمدایە و کاتەکەشمان کەمە”.
لە راپۆرتەکەیدا، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند “داواکاریی سوتەمەنی لە کۆتایی ئەم دە ساڵە دەبێت داببەزێت و پێویستە خەڵوز، نەوت و گازی سروشتی بە وزەی پاک جێگەی بگیرێت”. لە کۆتاییدا ئاژانسەکە بانگهێشتی وڵاتانی کرد، تاوەکو هەوڵەکانیان زیاد بکەن لەرێگەگرتن لە گەرمبوونی زەوی بە 1.5 پلەی گەرمی سیلیزی بەبەراورد بە کاتی شۆڕشی پیشەسازی.