“هەسەدە” دەرئەنجامی پێکدادانەکانی لە رۆژئاوای فوراتەوە ئاشکرا دەکات

رەقە – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، دەرئەنجامی ئەو پێکدادانانەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ چەکدارەکانی سەر بە هێزەکانی دیمەشق کە لە رۆژئاوای فوراتەوە دزەیان کردبووە رۆژهەڵاتی رووبارەکە، هەروەها هێرشیان کردە سەر هێزەکانی لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵات لە دێرەزوور.

پێشتریش ئەمرۆ “هەسەدە” دەرکردنی چەکدارانی “رژێم”ی لە شارۆچکەی دیبان راگەیاند دوای گەمارۆدانیان و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو خاڵانەدا گرتەوە کە لێیەوە کشایەوە لەسەر رووباری فورات.

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە کوژرانی 20 چەکداری راگەیاند، هەروەها برینداربوونی 31 چەکداری دیکە، “کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەلمەیادین و شاری دێرەزوور کە لەژێر دەسەڵاتی رژێمدایە”، بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن سەنتەرەکەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەدا چوار چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن “دزەکارانەوە”  تاڵان کران.

پێشتر، سەرچاوەیەک لە “بەرگریی نیشتمانی” بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە زیاتر لە 30 ئەندامی بەرگری نیشتمانی پەرینەوە بۆ شارۆچکەی دیبان بۆ بەشداریکردن لە بەئامانجگرتنی “هەسەدە”، ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا تەنها 12 کەسیان گەراونەتەوە، لەکاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ ئەلبەقا لەدەستچوو.