دوای چەندین ساڵ چاودێری سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی سعودیە هەڵدەگیرێت

هەولێر-نۆرس پرێس

وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند، بڕیاریان داوە کار بە رێککەوتنی گرەنتی کراوی ئەتۆمی بکەن، بە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوەش دوای چەندین ساڵ چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر چالاکییەکانی سعودیە هەڵدەگیرێت.

عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە لە کۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەم دواییانەدا بڕیاریان داوە پرۆتۆکۆلی رێژەی بچوکی ئەتۆمی هەڵبوەشێنەوە، لە بری ئەوەش رێککەوتنی گرەنتی کراوی ئەتۆمی جێبەجێبکەن.

بەجێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی سعودیە هەڵدەگیرێت، ئەوەش داواکاری چەند ساڵەی شانشینی سعودیەیە.

لە ئێستادا سعودییە خاوەنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی ساوایە، وە دەیەوێت چالاکییە گرەنتیکراوەکانی بگەیەنێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوەش خالێکی هەستیاری دۆسەیەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمییە.

تا ئێستا دوایین سنوری نیازی شانشینی سعودییە لە چالاکییە ئەتۆمییەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام محەمەد بن سەلمان سەرۆک وەزیرانی سعودییە ماوەی چەندین ساڵە دەڵێت، “ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دروست نەکات سعودیە دەیکات.”