کامپی هۆل رۆژەڤی گفتوگۆکانی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانە

هەولێر – نۆرس پرێس

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ بەرپرسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان “دۆسیە ترسناک”ەکەیان تاوتوێکرد و نەتەوەیەکگرتووەکان رێوشوێنە عێراقییەکانیان لەو بارەوە بەرز نرخاند، بەوپێیەی ئەو وڵاتە زۆرترین پابەندبوونی هەبووە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی لە کامپەکەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، کە دوێنێ یەکشەممە لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازی کردووە لە جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، غولام محەمەد ئیسحاق، بە ئامادەبوونی زیشان ئەمین بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە.

هەردوولا باسیان لە “دۆسیە و بەرژەوەندی هاوبەش” کردووە، دیارترینیان دۆسیەی کامپی هۆل لە باکووری سوریا و شەڕی “تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان” بووە، بەپێی راگەێنراوێکی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق کراوە، سەبارەت بە دۆسیەی ئەو کەسانەی لە کامپی هۆل دەگەڕێنرێنەوە.

لە براگەێنراوەکەدا لە زاری جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هاتووە، “عێراق تاکە وڵاتە کە پابەندبوونی بەرزی بە پرسی کامپی هۆلەوە پیشانداوە”، ستایشی کار و هاوکارییەکانی حکومەتی عێراقی لەو بوارەدا کردووە.

ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی “بە جددی” مامەڵە لەگەڵ تیمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات “بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ” ئەمڕۆ ئەوە بووەتە پێویستیەکی بەپەلە، کە گوتارێکی میانڕەو دامەزرێنرێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر بە هەموو شێوەیەکانیەوە”.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ئاڵەنگاری نوێیان بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە، کە مەترسیەکەی لە تیرۆر کەمتر نیە”، لەمبارەوە داوای هاوکاری زیاتری نێودەوڵەتی کرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر