سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە گوندەواری دێرەزوور

دێڕەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، شەڕ و پێکدادانەکان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور سەریانهەڵدایەوە، ئەویش پاش پەرینەوە ئەو چەکدارانە لە رۆژئاوای رووباری فورات، کە لە لایەن هێزەکانی رژێمی سوریا و ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراون، ئەو چەکدارانە پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە ناوچەکە کردە ئامانج لە رۆژهەڵاتی فورات.

لەکۆتایی مانگی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گەڵ چەکدارانی گێرەشێوێن  لە گوند و شارۆچکەکانی گوندەواری دێرەزوور روویدا، “هەسەدە” رایگەیاند کە ئەو چەکدارانە لەلایەن ئێران و دیمەشقەوە پاڵپشتییان لێدەکرێت و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە دەیانپەڕێننەوە، ئەمەش لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، پشتڕاستکراوەتەوە لە لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی لە رێگەی میدیای عەرەبی و ناوخۆییەکانەوە.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی شارۆچکەی زیبان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، گروپی گەورەی سەر بە “دیفاع وەتەنی” کە سەر بە هێزەکانی حکومەتن، شەوانە دزە دەکەنە ناو شارۆچکەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چەکدارانەی کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ئەمڕۆوە پەڕیونەتەوە و دزەیان کردووە، پێگەکانی “هەسەدە”یان کردۆتە ئامانج، بەو پێیەی چەندین جار دەنگی تەقینەوە بیستراوە، کە شارۆچکەکەیان هەژاندووە، هەروەها دەنگی گولـلە و فیشەک لە گەڕەکەکانی ئەلـلەتوە و ئەلتەعمات و ئەلرەمیلە بیستراوە.

دوابەدوای ئەو پێشهاتە ئەمنییەی ئەم دواییە، ئەنجومەنی سەربازی هەجین قەدەغەی هاتووچۆی تەواوی بەسەر شارۆچکەی زیبان و شارۆچکەکانی دراوسێیدا سەپاند، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو چەکدارانە بکەن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتەوە لە رۆژئاوای فوراتەوە پەڕیونەتەوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان