بەغدا پشتگیری چارەسەرێکی ناوخۆیی دەکات بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە سوریا
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پاڵپشتی لە چارەسەری ناوخۆیی بۆ قەیرانی سوریا دەکەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونیان بە بەرزترین رێژەی وەڵامدانەوە بۆ ئەو وڵاتە کە ماوەی 12 ساڵە رووبەڕووی قەیران و جەنگ بووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئەحمەد ئەلسەحاف لە لێدوانێکدا بۆ (ئاژانسی هەواڵی عێراق) رایگەیاند، عێراق دیدێکی هاوسەنگی هەیە لە دەربڕینی بەرژەوەندییەکانی و وەزارەتی دەرەوەش هەڵوێستی خۆی لەبارەی گرنگترین رووداوەکان لە سوریا و یەمەن و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بە روونی خستووەتەڕوو.
ئەلسەحاف گوتیشی: عێراق لەگەڵ چارەسەرێکی ناوخۆییە بۆ قەیرانی سوریا، بە هەمانشێوە بۆ یەمەنیش، بەبێ دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان.
گوتیشی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە و دیدارە نێودەوڵەتییەکاندا، کە لە لایەن فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە بەڕێوە دەچوو، ئەو دیدگایەی خستووەتەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لە هاندانی ئەو رێگایانە کردەوە کە “پشتیوانی لە یەکگرتوویی بەرژەوەندییەکانی سوریا دەکات لە سەر بنەمای چارەسەرێکی ناوخۆیی بۆ ئەو وڵاتە و بۆ یەمەنیش”.