مەزڵوم عەبدی باس لە هەماهەنگیەکی روونی نێوان حکومەتەکانی ئێران و سوریا دەکات دژ بە بەڕێوبەریی خۆسەریی

حەسەکە – نۆرس پرێس

جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە دوایین لێدوانیدا لەسەر ئەو رووداو و گرژییانەی کە لە دێرەزوور لە ماوەی رابردوودا روویاندا، ئەوەی خستەڕوو کە هەماهەنگییەکی “روون”ی نێوان ئێران و حکومەتی سوریا دژ بە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە ئاشکرا بەدیکرا.

بەپێی نوێکارییەکانی “هەسەدە” لە ماڵپەڕەکەی خۆیان، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ چەکدارانی دێرەزوور تووشی پێکدادان بوون، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای فوراتەوە هاتبوون، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەت و ئێراندان، لە ژێر “ناوی هۆزەکاندا”.

عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەلموجەلە” کە ئێوارەی دوێنێ شەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاندووە، کە جگە لەو دوو وڵاتە، تورکیاش چووەتە ناو ئەم هێڵەوە و دەستیکردووە بە پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆز بۆی و”بە ناوی هۆزەکانەوە” پشتگیرییان دەکات.

بە گوتەی عەبدی، “ناوچەکانی دەرەوەی دێرەزوور، لە مەنبیج، تل تەمر و عەین عیسا، هەوڵی هاوشێوەیان بەخۆوە بینی، بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی نوێ بۆ سەر ناوچەکانمان”.

فەرماندەی هەسەدە گوتی: “دەکرێ بڵێین لە لایەن ئەو سێ دەوڵەتەوە هەوڵ هەیە بۆ تێکدانی ئەو شێوازە ژیانەی کە پێکهاتەکانی ناوچەکە لەسەری رێککەوتوون، کە خۆبەڕێوەبردنە “ئەوان دەیانویست پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ هۆزەکان و کۆمەڵگەی ناوچەکە تێکبدەن، بە بەکارهێنانی زمانی ناوچەگەریی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەم کارەیاندا”.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، دیمەشق هەوڵی بڵاوکردنەوەی پشێوی دەدات لەڕێگەی هاندانی بەردەوامی میدیایی و هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی گروپە چەکدارەکان بە سروشتی خێڵەکی پەیوەست بەوەوە لە شەڕێکدا دژی “هەسەدە”. گوتیشی کە لە پاش گرژییەکانی دێڕەزوورەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەوان و رژێمی سوریادا رووینەداوە.

عەبدی لە وەڵامیدا لەسەر پرسی بۆردومانێکی رووسیا کە میلیشیاکانی لایەنگری تورکیای کردە ئامانج لە گوندەواری مەنبیج رایگەیاند، کە مۆسکۆ رازی نییە بە هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکانی نفوزی خۆی لە رۆژئاوای فورات.

عەبدی هۆکاری کەمبوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا گەڕاندەوە بۆ سەختی بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکی یان رووسی. هەروەک ئامادەیی خۆیانی بۆ هەر گفتوگۆیەک دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا، “بەتایبەت ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەکانیان”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد که گرژیی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە باکووری سوریا “کۆنتڕۆڵکراوه”، گوتی “داوا دەکەین ناوچەکانمان نەکرێنە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەو دوو زلهێزە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی دانیشتوانی سوریا و ناوچەکانمان و بەرژەوەندی گەلی سوریا دیاریدەکرێن”.

لە کۆتاییدا عەبدی دەستی خستە سەر ئەو مەرجانەی کە بە “مەحاڵ” وەسفی کرد بۆ دیمەشق سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و گوتی هێزەکانی (هەسەدە) “هێزێکی پیشەیی و نیشتمانین و داوا دەکەین ببنە بەشێک لە سیستەمی بەرگری سوریا” و دواتر رۆڵ و کارەکانیان بە یاسایەکی تایبەت رێکبخرێت کە قوربانییە گەورەکانمان لەبەرچاو بگیرێت، “هێزەکانمان بۆ پاراستنی سوریا لە تیرۆر بە کارایییەکی بەرزەوە ناوچەکانیان پاراست لەو هەڕەشانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئایندەی بەڕێوبەریی خۆسەریی پەیوەستە بە توانای پاراستن و پەرەپێدانی ئەزموونەکەی و راستکردنەوەی کەموکوڕییەکانی، هەروەها دانیشتووانیش مافی خۆیانە سیاسەتی ناوخۆیی خۆیان دابڕێژن و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن “دوور لە دەستێوەردان و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی هیچ لایەنێک”.

راشیگەیاند، دیمەشق باس لە داڕشتنەوەی یاسای ئێستای بەڕێوبەرێتیە خۆجێیەکان دەکات و هەموارکردنی بە شێوەیەک کە خزمەت بە دەسەڵاتی ناوەندی بکات، واتە باسی فۆرمێکی خۆبەڕێوبەریی حکومەت ناکات، نە لە نزیک و نە لە دوور، بەپێی گوتەکەی عەبدی .

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش