دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 600 پەنابەری سوریا دیپۆرت دەکەنەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 600 پەنابەری سووریایان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا بە زۆر دیپۆرتکردەوە، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

سەرچاوە کارگێڕییەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 590 پەنابەری سوری، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوو، لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە دیپۆرتکردۆتەوە و رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیان کردوونەتەوە لەو دوو دەروازەیە”.

روونیشیانکردوەتەوە، 200 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراون لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە و بۆ لێپرسینەوە بۆ پەناگەکان گواستراونەتەوە.

هاوکات بەپێی سەرچاوەکان، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) نزیکەی 390 پەنابەر، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەبوون، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە رادەستکردووەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هات، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە تایبەتەکانی دیپۆرتکراوەکانیان بردووە و پەنجەمۆریشیان گکردوون بۆ دڵنیابوون لەوەی ناگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس لە ناو ئەو دەروازانەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە 11 هەزار.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان