فەرماندەی سوپای قودس لە سەردانێکیدا بۆ سوریا بەشداری مانۆڕی سەربازی کرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی رایگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران، سەردانی سوریای کردووە و ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنیوە و بەشداری لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان تاران و دیمەشقدا کردووە.
دەزگاکەی ئێران وادەی هاتنی قائانی بۆ سوریا ئاشکرا نەکردووە، وێنەیەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە فەرماندەی ئێرانی لەنێو کۆمەڵێک چەکداردا دەردەکەوێت کە ریزێک تانکیان لە پشتەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، قائانی لە سەردانە “هەستیار و گرنگ”ەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی، ئەمنی و سیاسی دیمەشق کۆبووەتەوە.
بەشداری لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و سوریادا کردووە، هەروەها لێکۆڵینەوەی لە ناوچە هەستیارەکان و میحوەرەکانی سوریا کردووە لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ئاڵنگاریی و ئاژاوەی سەربازی و ئەمنی لە سوریا، بەپێی ئەوەی لە هەواڵەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە.
فەرماندەی سوپای قودس گوتارەکەی دژ بە ئەمریکا دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە “ئەمریکا سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵی و ئاژاوە و تیرۆر و ململانێیە لە سوریا و ناوچەکە و جیهان”، ئاماژەی بەوەشکرد “سوریا و ئێران دوو برای یەکترن وڵاتانێک کە پەیوەندییەکی ستراتیژیی جیاواز و هەمەلایەنە و قووڵیان هەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکاندا لە پاڵ گەلی سوریا و سەرکردایەتییەکەیدا دەوەستێت.”
ئاژانسه ئێرانییەکه رایگەیاند کە قائانی سەردانی مەیدانی بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە ئەنجامدەدات “بۆ پاڵپشتی له خۆڕاگری و بەرگری لەو وڵاتانەی کە لە بەرامبەر نادادپەروەریی و چاوچنۆکی جیهانیدا وەستاونەتەوە”. بە گوێرەی ئاژانسەکە.
شوێن و هێزەکانی ئێران لە سوریا هەمیشە روبەڕووی دەیان هێرشی ئیسرائیلی بوونەتەوە و ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە ژمارەیەک لەو هێرشانە راگەیاندووە. ئاامدەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش