گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە

هەولێر-نۆرس پرێس

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە سەردانە چاوەڕاونکراوەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هەڵوەشابێتەوە و دەڵێت، “لەگەڵ لایەنی تورکی کار بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکە دەکەین”. ئاماژە بەوەش دەدات، “رێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: “رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ دوورخستنەوەی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەسەر سنووری هەردوو وڵات چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستوور رێگەنادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بەکاربهێندرێت”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیکردەوە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق هەڵوەشابێتەوە و دەڵێت، “لە ئێستادا هەماهەنگی پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ لایەنی تورکی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و، هەر کە دەستنیشانکرا بە راگەیەندراوی فەرمی ئاشکرای دەکەین”.