ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور: ئارد لە هەموو نانەواخانەکان بەردەستە و چاودێری کارکردنیان دەکەین بۆ رێگریکردن لە خراپی بەکارهێنان

دێرەزوور – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئارد گەیشتووەتە سەرجەم نانەواخانەکانی گوندەواری دێرەزوور، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی ئەو گرژییە ئەمنییەی کە ناوچەکە گرتبۆوە لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگە نەمابوو.

دانیشتوانی شاری دێرەزوور گلەیییان لە کەمی نان هەیە، لەگەڵ گرژیی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

محەمەد ئەلعەزیز، هاوسەرۆکی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور رایگەیاند، ئاردی گەیشتووەتە سەرجەم نانەواخانە مۆڵەتپێدراوەکانی دێرەزوور ، بۆ ئەوەی پێویستی دانیشتووان بۆ نان دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی ئابووری کۆنترۆڵی بەشەخۆراک بەسەر هەموو نانەواخانەکاندا توندتر دەکات، هەروەها هەڵمەتێک دەستپێدەکات بۆ چاودێریکردنی کارکردنی نانەواخانەکان بۆ دڵنیابوون لە رەوتی کار و رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان.