واشنتۆن هەڵسەنگاندنەوە بۆ سیاسەتەکانی دەکات لە سوریا: هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆسیەی ئاساییکردنەوە روونادات و بەردەوام دەبن لە پەیوەندییان لە گەڵ هەسەدە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
لە چەند هەفتەی رابردوودا واشنتۆن دۆخی سوریای هەڵسەنگاندەوە، بەڵام بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆسیە دیارەکاندا، بەگوێرەی تۆڕی ئەلعەرەبیە – ئەلحەدەس، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمریکییەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئیتان گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “جەختی لەسەر گرنگی هەمیشەیی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کردوەتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەرچەندە نیگەرانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بەو رووداوانەی کە لە دێرەزوور لە ماوەی رابردوودا روویانداوە”.
تۆڕی سعودییە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆیان ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئەمریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو رووداوانەی لە دێرەزوور روویانداوە، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر لەوە تێگەیشتوون کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکیان لە ناوچەکەدا نییە، هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیش سەرکەوتوو بووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا و ئەو هاوپەیمانێتییە هێشتا “پێویستە”ە بۆ کۆنترۆڵکردنی کامپەکان.
ئەمریکا پێی وایە دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەست دەکات کە ئەگەری زۆرە هەمیشە دۆخەکان ئاڵۆز بن، هەروەها لایەنە هەرێمییەکان دەرگایەکی کراوەیان هەیە بۆ دەستێوەردان، ئاماژە بە دەسەڵاتدارانی سوریا و “میلیشیا ئێرانییەکان” هەوڵ دەدەن هۆزەکان بەکاربهێنن، هەروەها پەنجەرەیەکی کراوە هەیە بۆ ئەوەی تورکیا هەمان کار بکات، بەپێی هەمان سەرچاوە.
سەبارەت بە ئاساییکردنەوە، لە دۆسیەکەدا هیچ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا نەبووە و تا ئێستاش ئاساییکردنەوە لە گەڵ ئەسەد رەتدەکەنەوە، لە نەبوونی پێشکەوتن بەرەو چارەسەری سیاسی ململانێکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی عەرەبی گوتووە کە ئەمریکا “بۆ هاوبەشە ناوچەییەکانی گفتوگۆکردنی لەگەڵ رژێمی سوریا دووپاتی کردووەتەوە کە ئامانجی گفتوگۆکە دەبێت باشترکردنی بارودۆخی مرۆیی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی سورییەکان بێت”.
راشیانگەیاندووە، کە هێشتا بارودۆخی سوریا رێگە بە گەڕانەوەی پەنابەران بە سەلامەتی نادات، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەمریکا ناڕەزایەتییەکانی خۆی لەم بارەوە پاراستووە.
پێدەچێت “هەڵسەنگاندنەوە بۆ دۆخەکە” لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، کە وەزارەتەکانی بەرگری و دەوڵەت و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تێیدا بەشداربوون، بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان باسیان کردووە، بەو ئاراستەیەبن کە ئەمریکا دووبارە سیاسەتەکانیان لە سوریا “بەبێ گۆڕانکاری” درێژە پێبدات.