بە دۆشکە خاڵەکانی پشکنینی هەسەدە لە دێرەزوور کرایە ئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، چەکدارانی نەناسراو سێ خاڵی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یان کردە ئامانج، لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” رایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە سواری ماتۆرسکیلێکەوە بە دۆشکە بارەگایەکی “ئاسایش”یان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هەسەدە لە شارۆچکەی دەرەنج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

لە رووداوێکی دیکەدا، خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە جەرگەی شارۆچکەی ئەلشاهیل لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە دۆشکە هێرش کرایە سەر و لە ئەنجامدا پێکدادانێکی پچرپچر روویدا کە چەند خولەکێکی خایاند و هێرشبەرەکان ناچار بوون بکشێنەوە.