برینداربوونی هاوڵاتییەک و منداڵەکەی بە گولـلەی میلیشیایەکی سەر بە تورکیا لە نزیک گرێ سپی

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، هاوڵاتیەک و منداڵەکەی بە گولـلەی میلیشیایەکی سەر بە تورکیا لە باکووری رەققە، لە نزیک گرێ سپی برینداربوون، لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ڕێگای M4 بە ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە ئاژەڵەوە بەرەو ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە گرێ سپییەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “گرووپێکی سەر بە میلیشیای ئەحرار ئەلشەرقییەی سەر بە جەیش وەتەنی دڵسۆز بۆ تورکیا، بە چەکی سووک، بارهەڵگرێکی مامناوەندی مەڕوماڵاتیان لە ناوچەی عەیوە کردە ئامانج، کە دەکەوێتە نێوان ڕێگای M4 و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیا چەکدارەکانەوە لە باکووری رەققە، بەئامانج کردنەکە بووە هۆی ئەوەی شۆفێرەکە و منداڵەکەی بە سەختی بریندار ببن”.

سەرچاوەکە رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوە هەمان میلیشیای چه کدار باوک و منداڵەکەیان گواستەوه بۆ نەخۆشخانەی گرێ سپی و خستوویانهتە ژێر چاودێریەوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئەمنی دڵسۆز بۆ تورکیا، ئەمە جگە لەوەی ئەو میلیشیایە دەستیان بەسەر بارهەڵگرەکە و ئاژەڵەکانی ناویدا گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بەئامانجگرتنە چوارەم جارە لەلایەن میلیشیای “ئەحرار ئەلشەرقیە”ی دڵسۆز بۆ ئەنقەرە لەسەر میحوەری ئەلتەروازییە، لە باکووری رەققە، دژ بەو کەسانەی کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بەرەو ناوچەکانی خۆسەریی، بە بیانووی ئەوەی ئەوێ “ناوچەیەکی قەدەغەکراوی سەربازییە”.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی