دەسەڵاتدارانی تورکیا 500 پەنابەری سوری بە زۆرەملێ دیپۆرت دەکەنەوە
گرێ سپی – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 500 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا بە زۆرەملێ دیپۆرت کردەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو.
سەرچاوە تایبەتەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 500 پەنابەری سورییان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە دیپۆرتکردۆتەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە و رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیان کراونەتەوە لەو دوو دەروازەیە”.
روونیشیانکردەوە، 165 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراونەتەوە لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە و بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ پەناگەکان.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی سەرچاوەکان، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) نزیکەی 335 پەنابەری سوری، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەبوون، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە رادەستکردووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە تایبەتەکانی دیپۆرتکراوەکانیان وەرگرتووە و پەنجمۆریان کردوون بۆ دڵنیابوون لەوەی نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی، باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوانی زۆرەملێی سوری گەیشتووەتە زیاتر لە نۆ هەزار کەس.