دووهەم ئۆپەراسیۆنی راوەدونانی داعش لە ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکرد
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، پێنجشەممە، هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە رۆژهەڵاتی ناحیەی توز خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین دەستپێکرد، ئەوەش دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە دێت لە باکووری رۆژئاوای پارێزگاکە بە ئامانجی بەدواداچوون و راوەدونانی ئەندامانی داعش.
لە راگەێنراوێکی حەشدی شەعبیدا هاتووە “هێزە ئەمنییەکان و فەوجەکانی هێزە تایبەتەکانی فەرماندەیی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی گەڕانیان لە رۆژهەڵاتی توز خورماتوو دەستپێکردووە”.
بەپێی راگەینراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە پێکدێت لە گەڕان بە ناوچەکانی “قوبلک – قۆشڵان – شۆراو” لە زنجیرە چیای باڵکانە بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش و لەناوبردنی حەشارگەکانی لەناو ناوچەی بەرپرسیارێتیاندا.
ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ناو هێڵی جوگرافیای ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا.
دوێنێ چوارشەممە، هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد لە ناوچەکانی ئەلبەعیجی و ئەلحاوی کە تەنیشت ڕووباری دیجلەن، لە ڕۆژهەڵاتی شاری بەیجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشێک لە سوپاکە، پۆلیسی سەڵاحەدین، لیوای 51 و فەوجێکی حەشدی شەعبی بەشداربوون.لە راگەێنراوێکی ئەمنیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێ بۆ پاککردنەوە و ئاسایشکردنی ناوچە جێناکۆکەکان بووە هەروا بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئەندامانی داعش.